|
دوازدەی خاکەلێوە ڕۆژێکی مێژوییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا!
عهلی ئاشناگهر
ڕۆژی دوازدەی خاکەلێوە ڕۆژێکی مێژویی و گرینگە لە مێژوی گەلی کورد لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە وڵاتی ئێرانیشدا ئەم ڕۆژە گرینگی تایبەتی خۆی
هەیە. لەم ڕۆژەدا بو کە زۆرینەی خەڵکانی ئێران دەنگی "ئەرێیان"دا بە
ڕیفراندۆمەکەی خومەینی بۆ دامەزرانی کۆماری نەناسراوی ئیسلامی. لە هەمان
کاتیشدا گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تێکڕایی دەنگی "نا "یان دا بەو
ڕیفراندۆمە. مێژوی سی ساڵەی ئەم ڕژیمە دەری خست کە ئەم وڵامەی کوردستانیانی
ڕۆژهەڵات چەندە بە جێ و چەندەش ڕاست بوو! لە ڕاستیدا ئەگەر خەڵکانی ئێرانیش
چاویان لە گەلی کورد کردبا، ئەم هەلومەرجەی کە ئێستا تێدان نەیان دەبو.
لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕی کە: ئایا خومەینی بە زۆرەملی ئیرادە و ویستی
خۆێ بە سەر خەڵکانی ئێراندا داسەپاند؟ یا کو دەکرێ بڵەین کە وڵامی ئەرێ بەو
ڕیفراندۆمە خواست و ئیرادەی زۆرینەی خەڵک بو؟ بەڵام هەرچۆنێک بێت، چ ئەم
ڕژیمە نەتیجەی خواست و ئیرادەی خەڵکانی ئێران بوبێت یاکو بە زۆر بە
سهریاندا داسەپابێ، ئەم ڕژیمە جگە لە ماڵوێرانی و دواکەوتویی و شەڕ و
دیکتاتۆڕی و بێ مافی و هەڵاواردن و هەژاری و بێکاری و گرانی و ستەم لە سەر
ژنان و گەلانی ئێران هیچ دەستکەوتێکی تری نەبوە! نەک هەر بۆ ئەوانەی
دەنگیان پێنەدا بەڵکو بۆ ئەوانەی دەنگیشیان پێدا و لە پێناویدا هەزاران
چەرمەسریشیان دیت. هەتتا ئەم ڕژیمە نگریسە بەزەیی بە ئەندازیارانی
دامەزرێنەری خۆشی نەکرد زۆریانی کردە کۆچی قوربانی. مونتەزیری، بەنیسەدر و
... نمونەی بەرچاوی ئەو قوربانیانەن!
ئەم
وڵامە "نا"یەی گەلی کوردستان بە ریفراندۆمەکەی خومەینیوە ڕاوەستان دژی
داگیرکەران و هێنانە ئارای داخوازیەکانی گەلی کورد، نیشانیدا کە ئەم گەلە
تا چ ڕادە تینوی ئازادی و سەربەخۆییە. نیشانیدا کە تا چ ڕادە لە بواری
سیاسیەوە چۆتە پێش! و کەڵکی شایستە لە هەل و مەرجی هەڵکەوتو وەردەگرێ. ئەم
بڕیارەی خەڵکی کوردستان بڕیارێکی کتوپڕ نەبو. بەڵکو نەتیجە و دەسکەوتی
ساڵها تێکۆشانی سیاسی ئەم گەلەیە. ئێستاش هەر بەردەوامە!
کە وابو ڕۆژی دوازدەی خاکەلێوە ڕۆژی دەربڕینی ئیرادەی یەکگرتوی گەلی کوردە
لە ڕۆژهەلاتی کوردستان. با ئەم ڕۆژانە دوپات کەینەوە. تا ڕێگای سەرکەوتن
وگەیشتن بە ئامانجەکانمان نزیکتر بێتەوە!
م. ئاستافی
[1702] |