سـرودی کـۆمـه‌ڵـه

ســایتــه‌کـانی تر

سایتـی ژنانـی کـۆمـه‌ڵـه

نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵات

هاوڕیێانی گیانبه‌ختکردو

ســایتــی کــۆمــه‌ڵــه‌

ئـــارشیـــــــو

پـێـناســه‌ی‌ ســـایت

 

وته‌ی ڕۆژ

2008-09-25

لە ئێراندا دیکتاتۆری سەرەڕۆیانە هەیە، نەک ئازادی بەربڵاو

مەحموودی ئەحمەدی نژاد سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەمیانەی سەردانەکەی بۆ نیویۆرک لە کۆنفڕانسێکی هەواڵنێریدا بەشداری کرد و وڵامی پرسیاری بەشێک لە پرسیارکەرانی دایەوە. کۆمەڵێکی زۆر پرسیار ئاراستەی جەنابی سەرۆک کۆمارکرا و ناوبراو وەک نەریتی هەمیشەیی دەستی کرد بە دووپاتکردنەوەی دووپات کراوەکان. هەواڵنێران زۆر بابەتی وەک پرسی ئەتۆمی و عێراق و مەسەلەی فەلەستین و شتی لەم بابەتەیان وروژاند و سەرۆک کۆماری رژیمی ئیسلامیش بە وڵامی نەشیاو و زەردەخەنەی تاڵ و ناشیرین وڵامی پرسیارەکانی دەدایەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمانهەوێ قسەی لەسەربکەین وڵامدانەوەی ئەحمەدی نژاد بە پرسیاری یەکێک لە بەشداربووانی ئەو کۆنفرانسە دەربارەی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و مەسەلەی ئازادی لە کۆمەڵگای ئێران بوو. ئەحمەدی نژاد لە وڵام بەپرسیارێک سەبارەت بە داخراوبوونی کۆمەڵگای ئێران و زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی رایگەیاند: ئەم قسانە هەڵبەستراوی ئیسرائیل و ئەمریکایە و هیچ بنەمایەکی نییە. سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زیاتر گەورەکردنەوەی درۆکانی دەڵێت کە لە ئێراندا ئازادی رەها بوونی هەیە و 98 لەسەدی خەڵکی ئێران لایەنگری رژیمی ئیسلامیین. ئەحمەدی نژاد بەمانەش ناوەستێتەوە و رادەگەیەنێت لەکاتێکدا کە 98 لەسەدی خەڵکی ئێران پشتگیری لە کۆماری ئیسلامی دەکەن، ئیتر پیۆیستییەک بە زیندانی کردن نییە.

 بەڕاستی ئینسان نازانێ چی بڵێت! جەنابی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدا ئەم قسانە دەکات کە خەڵکی ئێران سەخترین و دژوارترین رۆژەکانی ژیانیان ئەزموون دەکەن و سێبەری رەشی هەژاری و بێمافی باڵی بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا کێشاوە. خەڵکی ئێران لە سەرەتاییترین مافەکانیان مەحروم کراون و رژیمی ئیسلامی رەهاترین چەشنی دیکتاتۆرییەتی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. کرێکاران، ژنان، نەتەوەبندەستەکان و بەگشتی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەوپەڕی بێ مافیدا بەسەردەبەن و هەموو خواستێکیان بە ئاگر و ئاسن وڵام دەدرێتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری مافی مرۆڤ لە ریزی پێشەوەی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە جیهانە و لە روی گەندلییەوە لە ریزی گەندەڵترین وڵاتانی جیهانە. رۆژ نییە لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی جەنابی سەرۆک کۆماردا هەواڵی ئێعدام کردنی چەندین کەس لە لایەن هەواڵنێرییەکانەوە بڵاونەکرێتەوە. رۆژنییە مەئموورانی رژیمی ئیسلامی نەڕژێنە سەرشەقامەکان و نەکەونە ئەزیەت و ئازاری لاوان و ژنان و لە ژێر ناوی دژایەتی لەگەڵ خەسارە کۆمەڵایەتییەکان راپێچی گرتووخانەکانیان نەکەن. رۆژ نییە لەمپەر لەبەردەم کار و چالاکیی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دانەنرێت و نەکەونە ژێر گوشار و لێپرسینەوە.

مەحموودی ئەحمەدی نژاد رێک لە کاتێکدا ئەم قسانە دەکات کە مانگێک و چەند رۆژە زیاتر لە سەد چالاکی مەدەنی و سیاسیی کورد مانیان لە خواردن گرتووە و لە نالەبارترین هەلومەرجدا بەسەردەبەن. بەدەیان کەس بە سزای ئیعدام مەحکووم کراون و زیندانی درێژماوە بۆ سەدان کەس پەسەند کراوە. راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ  دەربارەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئەمڕۆ کە ئەحمەدی نژاد ئەم قسە بێبنەمایانە دەکا، تەنیا جارێکێش بە قازانجی کۆماری ئیسلامی نەبووە، بەڵکو هەمیشە ئەم رژیمەیان بە پێشیلکەری مافی مرۆڤ ودژی ئازادی ناوبردوە.

ئەڵبەت نابێت ئەم راستییە لەبیربکرێت کە تەنانەت دیکتاتۆرترین دەسەڵاتیش خۆی بە دیموکرات و لایەنگری ئازادی ناودێردەکات و ئەم فڕوفیشاڵەی ئەحمەدی نژادیش لە خانەی هەمان باسدایە.

 

 979