|
وته‌ی ڕۆژ
2008-10-26
پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌كوردستان‌و چه‌ند سه‌رنجێك
چوار هه‌ڵسوڕاوی سیاسی به ناوه‌كانی خه‌لیل فاتێحی، ستار په‌رویزی،
خه‌بات یوسفی‌و هوشیار پشابادی، له‌دانیشتوانی ئاوایی ئه‌ڵكی سه‌ر به
شاری كامیاران كه له‌مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی رابردوو
ده‌ستگیركرابوون، له‌گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ‌و به كۆمه‌ڵ به 63 ساڵ زیندانی
ته‌عزیری مه‌حكوم كران. ناڕه‌زایه‌تی ئه‌م كه‌سانه له‌ماوه‌ی حه‌وتووی
رابردودا له‌لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ئوستانی كرماشانه‌وه تاوتوێ
كراوه‌و به‌پێی حوكمی ده‌ركراو ئه‌و چوار كه‌سه به گشتیی به 54 ساڵ
زیندان مه‌حكوم كراون. جێگای ئاماژه‌یه ئه‌م كه‌سانه به‌لایه‌نگری
له‌یه‌كێك له‌حیزبه كوردستانیه‌كان‌و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا له‌لایه‌ن كۆماری
ئیسلامیه‌وه تۆمه‌تبار كراون‌و تا ئێستا مافی گرتنی پارێزه‌ریان
پێنه‌دراوه‌و له‌كاتی ده‌ستگیر كردنیاندا تا ئێستا به‌رده‌وام له ژێر
ئه‌شكه‌نجه‌و ئه‌زیه‌ت‌و ئازاری مه‌ئمورانی رژیمدا بوون.
بڕینه‌وه‌ی حوكمی قورسی له‌و جۆره بۆ شارۆمه‌ندانی كورد له‌كاتێكدایه كه
هه‌ر چه‌ند رۆژ له‌مه‌و پێش بوو كه "بانی كی موونی" سه‌رۆكی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان ره‌خنه‌ی له‌ئاستی پێشێلكارییه‌كانی كۆماری ئیسلامی به
نیسبه‌ت كه‌مایه‌تییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ئێران گرت. وه‌ڕێخستنی شه‌پۆلی
سه‌ركوت‌و زیندانی كردن‌و گوشار هێنان بۆ خه‌ڵكی كوردستان یه‌ك له‌و
سیاسه‌تانه بووه كه تا ئێستاكه له‌ده‌ستووری كاری ده‌سه‌ڵاتدارانی
باڵای كۆماری ئیسلامی بۆ له‌باربردنی خواسته دێمۆكراتیك‌و به‌رحه‌قه‌كانی
خه‌ڵكی كورد به‌رێوه چووه. هه‌ر وه‌ك هه‌واڵه‌كان رۆژانه باسی ده‌كه‌ن
رۆژ نییه ئه‌م رژیمه راده‌ی گوشاره‌و پێشێلكارییه‌كانی بۆ سه‌ر چالاكانی
سیاسی‌و مه‌ده‌نی‌و كرێكاری‌و ژنان زیاد نه‌كات‌و به‌جۆرێك نه‌بێته هۆی
گرفت نانه‌وه بۆ شارۆمه‌ندانی كورد.
دانی حوكمی قورس به چالاكانی سیاسی‌و خستنه‌پاڵی تۆمه‌تی سیخوڕی بۆ
وڵاتانی ده‌ره‌كی‌و هه‌روه‌ها كرده‌وه به‌دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و
دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خودا له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بۆته بنێشته خۆشه‌ی
كاربه‌ده‌ستانی قه‌زایی‌و ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی له‌كوردستان. كۆماری
ئیسلامی هه‌ر جۆره داواكاری‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌كیش ته‌نانه‌ت له‌ئاستی
داواكردنی مافی سێنفی‌و داواكاری حه‌قده‌ستی وه‌دواكه‌وتووی كرێكاران‌و
مامۆستایانیش له‌كوردستان به‌چالاكی دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وه‌سف ده‌كات،
تا به‌م شیۆه ده‌ستیان ئاوه‌ڵا بێت له‌داسه‌پاندنی حوكمی قورس بۆ سه‌ر
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.
دوژمنایه‌تی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد بۆ ئێستاكه
ناگه‌ڕێته‌وه‌و ئه‌م رژیمه به‌هۆی ترسێكه له‌بزووتنه‌وه‌ی ره‌وای خه‌ڵكی
كورد بوویه‌تی و به‌رده‌وام سیاسه‌تێكی ئه‌منییه‌تی-نیزامی له‌كوردستان
به‌ڕێوه بردووه‌و به‌م چه‌شنه ویستوویه‌تی فه‌زایه‌كی ترساوی له‌ئاستی
كوردستاندا پێك بهێنێت. نموونه‌ی كوشتن‌و له‌نێوبردنی خه‌ڵكی كوردستان
له‌لایه‌ن رژیم و دام‌وده‌زگا سه‌ركوتگه‌ره‌كانی یه‌كجار زۆرن، به‌ڵام
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و راستیه‌یه كه حاكمان‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌مارگرژی
كۆماری ئیسلامی هیچكات نه‌یانتوانیوه بگه‌ن به‌ئامانجه
دوژمنكارانه‌كانیان كه ئه‌وه‌یش له‌نێوبردن‌و بێده‌نگكردنی بزووتنه‌وه‌ی
به‌رحه‌قی خه‌ڵكی كوردستانه. درێژه‌دان‌و راوه‌ستاویی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی
كورد تا ئێستاكه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و سیاسته دوژمنكارانه‌یه‌ی رژیم،
راست به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌یلی حاكمانی داگیركه‌ر ره‌نگی داوه‌ته‌وه. خه‌ڵكی
تێكۆشه‌ری كوردستان‌و حیزبه سیاسیه‌كانیان ئێستاكه‌و زیاتر له‌هه‌ركاتێك
ئاڵای خه‌باتیان شكاوه راگرتووه‌و شێلگیرانه‌ترو پته‌وتر له‌هه‌میشه بۆ
گه‌یشتن به‌ئامانجه ره‌واكانیان هه‌نگاوهه‌ڵده‌گرن.
خه‌ڵكی كوردستان‌و به‌تایبه‌تی لاوان، مامۆستایان، ژنان، كرێكاران و
خوێندكاران به‌هۆی چوونه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی وشیاری سیاسی‌و به‌هۆی بڕوادار
بوون به‌رێبازی خه‌باتێكی پێشكه‌وتنخوازانه زیاتر له‌هه‌میشه رێگه‌ی
دژایه‌تی‌و په‌رچه‌كردارنواندنیان له‌شێوه‌ی جیاواز به‌دژی كۆماری ئیسلامی
گرتۆته به‌ر. به‌م بۆنه‌وه پێویسته بڵێن كه ئه‌گه‌رچی رژیمی كۆماری
ئیسلامی به‌دانی حوكمی درێژ خایه‌نی له‌و جۆره بۆ ئه‌م چوار چالاكه
سیاسیه‌و سه‌دانی كه‌سی دیكه زیاتر له‌هه‌میشه ریسوا ده‌بێت‌و زیاتر
له‌هه‌میشه پێگه‌ی خۆی له‌ئاستی ناوخۆیی‌و ده‌ركیدا وه‌ك وڵاتێكی
پێشێلكه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ له‌ده‌ست ده‌دا، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌بێت
ئه‌و ئاره‌زووه له‌گه‌ڵ خۆی بخاته گۆڕ كه به‌گرتن‌و دانی حوكمی قورسی
له‌و جۆره‌و گوشار بۆ سه‌ر خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كورد بۆ هه‌میشه ده‌نگی
ئازادیخوازی‌و هاوخه‌باتیان كپ بكات.
[1180] |