|
وته‌ی ڕۆژ
2009-11-16
پلانه‌كان به‌مردوویی له‌دایك ده‌بن
نیگه‌رانیه‌كانی عه‌لی خامنه‌یی له ئامووزشی علومی ئینسانی له
زانستگاكان، له په‌سندكراوێكی ئه‌م-دواییانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای
ئینقلابی فه‌رهه‌نگییدا ره‌نگیدایه‌وه‌و سه‌رۆك كۆمار، ئه‌م
په‌سندكراوه‌ی به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردن راده‌ستی ده‌زگا
په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه. پێشتر‌و چه‌ندین جار رێبه‌ری كۆماری
ئیسلامی، له بۆنه جیاجیاكاندا زه‌رووره‌تی ئیسلامیكردنی زیاتری
زانستگاكانی هێناوه‌ته‌به‌رباس‌و رایگه‌یاندبوو كه ئاموزشی علومی
ئینسانی له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئایین‌و قوڕئان ناكۆكه. ئه‌گه‌رچی
ئینقلابی فه‌رهه‌نگی‌و دژایه‌تیكردن له زانسته‌كان، پلانێكی
هه‌میشه‌یی سیستمی سیاسی ئێران له رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ
زانستگاكان‌و به‌گشتی له‌گه‌ڵ سیستمی په‌روه‌رده‌ی ئێران بووه،
كه‌چی رووداوه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی له كۆمه‌ڵگا‌و ده‌وری
ئاگاهگه‌رانه‌و وشیاریبه‌خشی
خۆیندكارانی ئێران، نیگه‌رانیه‌كی جیدی بۆ ده‌سه‌ڵاتداران
درووستكردوه‌و به‌ده‌یان جار له زمانی به‌رپرسانی سه‌ره‌كی
ده‌سه‌ڵاته‌وه پێداویستی ئینقلابێكی فه‌رهه‌نگی له چه‌شنی
ئینقلابی فه‌رهه‌نگیی سه‌ره‌تاكانی به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی سیستم،
بیستراوه.
هه‌موو گه‌ڵاڵه‌و پلانه‌كانی ئه‌م سێ ده‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری بۆ
به‌ئیسلامیزه‌كردنی زانستگاكان‌و ئه‌ویش له‌چه‌شنی ئیدئۆلۆژی
ده‌سه‌ڵاتدار، شكستی خواردووه‌و هه‌وڵه‌كان بۆ گێڕاندنه‌وه‌ی
مێژوو بۆ سه‌ده‌كانی رابردوو و به‌چه‌شنێك ئامووزش‌و ته‌رویجی
خورافه‌په‌ره‌ستی، سه‌ری له‌به‌رد دراوه. ئیدئۆلۆژی ده‌سه‌ڵاتدار،
هه‌ر له رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه هه‌ڵگری
قه‌یران‌و ناكۆكی بووه‌و ئه‌م قه‌یرانه له‌م ساڵانه‌ی دوایی
ده‌ركه‌وته‌یه‌كی عه‌ینی بووه. ئێستا زانستگاكان بۆته ناوه‌ندێكی
به‌هێزی رۆشنبیری‌و ته‌نانه‌ت له ره‌وتی رووداوه‌كانی كۆمه‌ڵگا‌و
له‌ژێر كاریگه‌ری كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی، پرۆسه‌ی
ئاشتبوونه‌وه‌ی رۆشنبیری له‌گه‌ڵ گوتاری سیاسی شه‌قام‌و كۆلانه‌كان
شكڵی گرتووه.
علومی ئینسانی چه‌كێكی به‌كه‌ڵك‌و ئامرازێكی شیاو بۆ
ستراتژییه‌كانی ئیدئۆلۆژی حاكم نییه‌و بگره به‌پێچه‌وانه
رێگرێكی به‌هێز له‌به‌رده‌م ئه‌م ره‌وته‌یه‌و هه‌ربۆیه نووكی
تیژی هێرشه‌كان، ئاراسته‌ی ئه‌م زانسته ده‌كرێت. ده‌سه‌ڵاتدارانی
دیكتاتۆری ئێران، ئاو له هاوه‌ندا ده‌كووتن‌و ته‌نانه‌ت
كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م زانسته له سه‌رجه‌می زانستگاكان‌و جێگۆڕكێ له
گه‌ڵ زانستی دڵخوازی ئیدئۆلۆژی حاكم، ناتوانێ ئامانجه‌كانی سیتم
بپێكێت. دوایین ئاماره‌كان باس له گه‌شه‌ی له‌راده‌به‌ده‌ری ئه‌م
زانسته له ئێران ده‌كات، تامه‌زرۆبوونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاش بۆ
ئه‌م بابه‌ته له كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت‌و
له‌ناوبردن‌و سڕینه‌وه‌ی ئه‌م هۆكارانه‌ش، له توانا‌و زه‌رفییه‌تی
ده‌سه‌ڵاتدا نییه.
له‌راستیدا ئیدئۆلۆژی ئیسلامی سیاسی له ئێران‌دا شكستی خواردووه‌و
رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه خێراییه‌كی به‌رچاوی به‌م پرۆسه‌ی
شكسته به‌خشی. ئه‌گه‌ر له ساڵه‌كانی رابردوو به‌كه‌ڵكوه‌رگرتن
له بنه‌ما ئه‌خلاقی‌و مێژووییه‌كانی جه‌ماوه‌ر توانیان، پرۆژه‌ی
ته‌حمیقكردن‌و چه‌واشه‌كردنی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌وپێش به‌رن، ئه‌وا
چیتر ئه‌م پڕۆژه توانای مانۆڕدانی نه‌ماوه‌و هه‌موو
ده‌ركه‌وته‌كان، پێچه‌وانه‌ی ویسته‌كانی سیستم نیشانده‌دات.
چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك بۆ ئاستێكی به‌رز هه‌ڵكشاوه‌و سیستمی
سیاسی ئێران زه‌رفییه‌تی وڵامدانه‌وه به‌م چاوه‌ڕوانییانه‌ی
نییه‌و ئه‌م گریمانه، سه‌ره‌تای ئاوسبوونی كۆمه‌ڵگا به
گۆڕانكارییه‌كی جیدی‌و رادیكاڵه. هیچ هێز‌و پلانێك توانای
گێڕاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بۆ رابردووی نییه‌و پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی
كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وام له‌رێدایه. پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا،
به‌رده‌وام له ئاراسته‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌و ئه‌گه‌ری وه‌ستان
هه‌یه، به‌ڵام توانای گێڕاندنه‌وه نییه‌و هه‌ربۆیه ئه‌م
په‌سندكراوه نۆییه‌و سه‌رجه‌می هه‌وڵه‌كان له‌مباره‌وه،
به‌مردوویی له دایك ده‌بێت.
|