|
وته‌ی ڕۆژ
2009-11-23
16ی
ئازه‌ر و ئاماده‌بوون بۆ ئه‌زموونێكی نوێ
پۆلیسی سیاسی و سه‌رجه‌می ناوه‌ند و ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌كانی
كۆماری ئیسلامی، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌ربڵاو ده‌ستیانداوه‌ته
هه‌ڕه‌شه‌كردن و گرتنی چالاكانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری. ئه‌م
شه‌پۆله نوێیه وه‌ك پلانێكی هه‌میشه‌یی بۆ رووبه‌روووبوونه‌وه
له‌گه‌ڵ 16ی
ئازه‌ر، رۆژی خوێندكار هاتۆته‌ئاراوه و سه‌رجه‌می ره‌وت و
لایه‌نه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری گرتۆته‌وه. له‌تازه‌ترین
نموونه‌دا ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه 7 خوێندكاری
سه‌ر به رێكخراوێكی خوێندكاری به‌ناوی رێكخراوی خوێندكانی لیبراڵی
زانستگاكانی ئێران ده‌ستگیر و بۆ گرتووخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی
راگوێزراون.
ئه‌گه‌رچی چییه‌تی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری و رۆڵی ئه‌م
بزووتنه‌وه له رووداوه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان،
هه‌ستیاربوونێكی تایبه‌تی به رۆژی خوێندكار له ئێران به‌خشیوه،
به‌ڵام رۆژی خوێندكاری ئه‌مساڵ هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌كی
جیاوازتر له ساڵانی پێشووتره و هه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌ش
نیگه‌رانییه‌كی جیدی بۆ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر دروستكردووه. ئه‌مساڵ
له‌هه‌لومه‌رجێكدا رۆژی خوێندكار به‌رێوه‌ده‌چێت كه چه‌ندین
مانگه مه‌زنترین چه‌شنی ره‌فتاری به‌كۆمه‌ڵ له سه‌رشه‌قامه‌كان
و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، به‌كرده‌وه‌ده‌ردێت و ئه‌م
بابه‌ته‌ش یه‌كێك له خه‌ونه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ئێران،
واته گشتگیربوونی واتاكانی دیموكراسی و به‌شداریكردینی زۆرینه‌ی
جه‌ماوه‌ر له چاره‌نووسی راسته‌قینه‌ی خۆیانی، هێناوه‌ته دی.
ئه‌گه‌رچی قورسترین شێوازه‌كانی سه‌ركوت و تۆقاندن له
رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری له مه‌یداندا
ئاماده‌یه، به‌ڵام هه‌بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی واقعی ئاڵوگۆڕخواز
له پانتایی شه‌قامه‌كان و ئه‌زموونی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی
به‌ربه‌ركانێ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه، توانیویه‌تی وزه‌یه‌كی زیاتر
به بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری بدات و هه‌ر له ئێستاوه سه‌رجه‌می
ره‌وت و مه‌یله جیاجیاكانی ئه‌م بزووتنه‌وه ئاماده‌بوونی خۆیان
بۆ ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی له‌م رۆژه‌دا راگه‌یاندووه.
نیگه‌رانییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌ر كات زیاتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی
كه ئه‌مساڵ ته‌نیا خوێندكاران نین كه رێز له رۆژه‌كه‌ی خۆیان
ده‌گرن، به‌ڵكوو جه‌ماوه‌ری نارازیش ده‌یهه‌وێ ئه‌م ده‌رفه‌ته
بكاته هه‌ل بۆ وه‌شاندنی گورزێكی دیكه له پێكهاته‌ی ئیرتجاع و
ئیستبدادی حاكم و نیشانه‌كانی ئه‌م ئاماده‌بوونه‌ی جه‌ماوه‌ریش
ده‌بیندرێت.
تاكتیكه‌كانی ده‌سه‌ڵات بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه، دووپاتبوونه‌وه‌ی
هه‌مان دووپاتكراوه‌كانی رابردووه. هه‌ڕه‌شه به‌مه‌به‌ستی
تۆقاندن، ده‌ستگیركردن و شێوازه ناسراوه‌كانی دیكه‌ی ناوه‌نده
ئه‌منیه‌تییه‌كان. به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه كه ئایا
ده‌سه‌ڵات به‌گرتنه‌به‌ری ئه‌م شێوازانه له رووبه‌رووبوونه‌وه،
ده‌توانێ ئامانجه‌كانی، واته به‌رگرتن به شه‌پۆلی ناره‌زایه‌تی،
بپێكێت؟ بێ گومان وڵام به‌م پرسیاره نایه‌كی گه‌وره‌یه و مێژووی
ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی رووداوه‌كانی ئێران به‌باشی ده‌توانێ وڵامی
ئه‌م پرسیار بداته‌وه. به‌هه‌زاران كه‌سیان ده‌ستگیركرد، سه‌دان
كه‌سیان دایه‌به‌ر ده‌ستڕێژی گوله و گیانیان گرت، ده‌ستدرێژی
جنسیان كرده سه‌ر به‌ندكراوه‌كان و ده‌یان شێوازیتر له ته‌وحشی
ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیان به‌كرده‌وه‌ده‌رهێنا، كه‌چی ئه‌م شه‌پۆله
ئیعترازییه و ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه نه‌ك هه‌ر بێده‌نگ
نه‌بوو، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه هه‌ر جاره و به‌كۆڵێك ئه‌زموون و
داهێنانی تازه‌وه، شه‌قامی بۆخۆی داگیركرد.
كۆتایی قسه ئه‌وه‌یه كه 16ی
ئازه‌ر به‌ڕێوه‌یه و هه‌م بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری‌و هه‌م خه‌ڵكی
نارازی ده‌یانهه‌وێ شانۆیه‌كی نوێ له خه‌بات و به‌رخۆدان نمایشت
بكه‌ن. ئه‌م هه‌وڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانێ ئامانجه‌كان بپێكێت و
بێگومان كۆتایی هه‌موو رووداوه‌كان به قازانجی خه‌ڵك ده‌شكێته‌وه.
|