|
وته‌ی ڕۆژ
2010-01-20
هه‌موومان به‌رپرسیارین
عه‌دنانی حه‌سه‌نپوور و حه‌بیبوڵا له‌تیفی بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی
گوازراونه‌ته‌وه، محه‌مه‌د ئه‌مینی عه‌بدوڵاهی‌و قادری
موحه‌مه‌دزاده له لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ی شاری ورمێ به
ئیعدام مه‌حكووم كراون‌و ژماره‌ی ئه‌و به‌ندكراوانه‌ی سزای
ئیعدامیان بۆ په‌سندكراوه، گه‌یشتۆته
20 كه‌س. ئاماژه‌كان
باس له بارودۆخێكی مه‌ترسیدار ده‌كات، به‌ندكراوانی سیاسیی كورد
پێویستیان به پشتیوانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌و
پێویستی به‌خێرایی كۆده‌نگییه‌كی مه‌زن بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌م
بارودۆخه بێته‌ئاراوه.
ماشێنی سه‌ره‌ڕۆیی‌و سه‌ركوتی رژیمی ئیسلامی خێراییه‌كی به‌رچاوی
به‌خۆی داوه‌و ده‌ڕوات تا له بارودۆخی پڕ له قه‌یرانی كۆمه‌ڵگای
ئێران، تۆڵه‌ی پاشه‌كشه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی له
به‌ندكراوانی سیاسیی كورد بكاته‌وه. ده‌ڕوات تا له رێگه‌ی
ئامرازی كوشتن و گرتن‌و ئه‌شكه‌نجه، پڕۆژه‌ی ترساندنی كوردستان
پراكتیزه بكات‌و ده‌ڕوات تا ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ
لێدانی گورزی كاریگه‌ر له ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر تێكبشكێنێت.
په‌سندكردنی یه‌ك له دوای یه‌كی سزای ئیعدام‌و
به‌كرده‌وه‌ده‌رهێنانی سزای ئیعدام له
2 مانگی رابردوو، ئاماژه به
هه‌ستیاربوونی بارودۆخه‌كه‌و پێویستی پێداچوونه‌وه به چه‌شنی
خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان ده‌كات. بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له
گه‌ڵ وه‌ها بارودۆخێك به‌رهه‌مهێنانی تاكتیكی نوێ ئه‌ركێكی
هه‌نووكه‌ییه‌و به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێ له چه‌ندین
رێگه‌وه ماشێنی سه‌ركوتی ده‌سه‌ڵات له كوردستان هێواشتر
بكرێته‌وه.
یه‌كه‌مین هه‌نگاو، رێكخستنی كه‌مپه‌ینێكی به‌ربڵاو بۆ پشتیوانی
له به‌ندكراوانی سیاسیی‌و مه‌ده‌نی كوردستان‌و خواستی راگرتن‌و
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای ئیعدام بۆ سه‌رجه‌می به‌ندكراوانی سیاسی‌و
مه‌ده‌نی كوردستانه. به‌شداریكردنێكی به‌ربڵاو له حه‌ره‌كه‌تێكی
له‌مشێوه و ئینعكاسی ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته له رێگه‌ی میدیاكانه‌وه،
ده‌توانێ سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای جیهانی و رێكخراوه جیهانییه‌كانی مافی
مرۆڤ بۆ لای ئه‌م بابه‌ته رابكێشێت‌و له‌م رێگه‌وه گوشاره
بخرێته سه‌ر سیستمی سیاسیی ئێران. بێ گومان ئاستی ته‌عامول و
رووبه‌روبوونه‌وه‌ی رێكخراوه‌كانی جیهانی مافی مرۆڤ و به‌گشتیی
كۆمه‌ڵگای جیهانی له ئاستی تێكۆشان و هه‌نگاوه‌كانی ئێمه‌وه
سه‌رچاوه‌ده‌گرێت‌و راده‌ی هه‌ڵوێست گرتنی ئه‌وان به راده‌ی
ناره‌زایه‌تی و هه‌ڵوێسته‌كانی ئێمه‌وه گرێ دراوه‌ته‌وه.
هه‌نگاوێكی دیكه، هه‌وڵ و ماندووبوونی زیاتری ئۆپۆزیسیۆنی كوردی
ئێرانی له ئاراسته‌ی ناره‌زایه‌تی كردن به‌م دڕنده‌ییه‌ی كۆماری
ئیسلامی و چڕتركردنه‌وه‌ی كاری دیپلۆماسی له ئاستی جیهانی
ده‌توانێ سه‌رنجیێكی زیاتری كۆمه‌ڵگای جیهانی بۆ لای ئه‌م پرسه
رابكێشێت. كه‌ڵكوه‌رگرتنی رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی كورد له
كاناڵه‌كانی راگه‌یاندنی جیهان و دیدار و وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌حزاب و
رێكخراوه جیهانییه‌كان ده‌توانێ وروژانێكی زیاتر به‌م باسه
بدات‌و له رێگه‌ی ئه‌م كاناڵانه‌وه گوشار بخرێته سه‌ر كۆماری
ئیسلامی.
دوایین رێگه‌و له راستیدا گرنگترین رێگه‌چاره، به‌شداریكردنی
راسته‌وخۆی خه‌ڵكی كوردستان له ناره‌زایه‌تییه‌كی به‌ربڵاو بۆ
به‌رزكردنه‌وه‌ی خواستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای ئیعدامی
به‌ندكراوانی سیاسیی كوردستانه. چه‌شنی ئه‌م ناره‌زایه‌تییانه
ته‌نیا تایبه‌ت به شه‌قام نییه‌و ده‌كرێ له رێگه‌ی مانگرتنی
گشتی و چه‌ندین رێگه‌یتری وه‌ك كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزای ناره‌زایه‌تی
له سه‌رجه‌می شاره‌كانی كوردستاندا خۆی ببینێته‌وه. كه‌سانی
ناسراو و موعته‌مدی شاره‌كانی كوردستان ده‌توانن به شێوه‌ی نهێنی
یا ئاشكرا ده‌ستبده‌نه كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا و دواتر ئیمزاكانیان
به‌ره‌و شوێنه په‌یوه‌ندیداره‌كان ره‌وانه بكه‌ن. ئه‌م تاكتیكه،
واته كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا، كه‌م هه‌زینه‌ترین و له هه‌مانكاتدا
كاریگه‌رترین رێگه بۆ بارودۆخێكی له‌مشێوه‌یه‌و له به‌شه‌كانی
دیكه‌ی ئێران به ده‌یان جار ئه‌م ئه‌زموون دووپات بۆته‌وه‌و
كاریگه‌ریه‌كی موسبه‌تیشی داناوه.
له كۆتایدا پێویسته بۆ جارێكی‌تر پێداگری له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له
بكرێته‌وه كه به‌ندكراوانی سیاسیی كورد له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی
ئیعدامكردندان و یه‌كه به‌یه‌كه‌ی تاكه‌كانی كوردستان
به‌رپرسیارن. یه‌كیه‌تی و خه‌باتی به‌رده‌وامی هه‌موومان، ده‌توانێ
ده‌سه‌ڵات ناچار به پاشه‌كشه بكات‌و كوڕان وكچانی ئه‌م گه‌له
لێقه‌وماوه له هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و له‌سێداره‌دان رزگار بكات.
|